بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان لەمیانی دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیس خۆی دەتەقێنێتەوە

تۆمەتبارەکە بە تەقاندنەوەی نارنجۆکێک کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە

لەمیانی رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان لە قەزای مەدائین(باشووری بەغداد)، پۆلیسێک برینداربوو.

سەرچاوەیەکی ئەمنیی لە پارێزگای بەغداد بە (شەفەق نیوز)ـی راگەیاند، "هێزە ئەمنییەکان لە ئۆپەراسیۆنێکدا هەستاون بە گەمارۆدانی ئەو شوێنەی کە بازرگانیکی ماددە هۆشبەرەکانی تیادا نیشتەجێبووە، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان تەقەی لێکراوە و دووچاری برینێکی سەخت بووە و لە هەمان کاتدا ئەفسەرێکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی برینداربووە".

ئەوەشی راگەیاندووە، "دوای برینداربوونی تۆمەتبارەکە، بە تەقاندنەوەی نارنجۆکێک کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە".

جێی باسە، دوای گەڕان بەناو ئەو شوێنەی تۆمەتبارەکەی تیادا بووە، دوو لە کوڕەکانی (لەدایکبووی 2007 و 2004) دەستگیرکراون.