بارزانی بۆ باڵیۆزی بەریتانیا: پابەندبوون بە دەستوور و گفتوگۆ چارەسەری گرفت و قەیرانەكانی عێراقە

ئەمڕۆ یەكشەممە 05-06-2022 لە سەلاحەددین، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە مارک برایسن ریچاردسۆن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد.

بەپێی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی لە دیدارەكەدا كە دێڤید هانت كۆنسوڵی بەریتانیا لە هەولێر(ئەربیل) ئامادەی بوو هەنگاوەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و تەحەددیات و ئاستەنگەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی تازەی عێراق تاوتوێ كرا.

هەر لەو دیدارەدا رۆشنایی خرایە سەر بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵیی عێراق، بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پابەندبوون بە دەستوور و گفتوگۆ چارەسەری گرفت و قەیرانەكانی عێراقە.

تایبەت بە بارودۆخی سیاسیی هەرێم و مافی پێكهاتەكانی هەرێم، بارزانی پابەندبوونی خۆی بەرامبەر پاراستنی مافی هەموو پێكهاتەكانی هەرێم دووپاتكردەوە.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بریتانیا و هەروەها باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق پابەندبوونی وڵاتەكەی بە ئەنجامەكانی سەردانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ بریتانیا و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا دووپاتكردەوە.