بابەتی دانانی هێلی ئاسنینی نوێ و کورتە باسێک لە مێژووی شەمەندەفەرەکەی شاری هەولێر(ئەربیل)..

وێستگەی شەمەندەفەر یان مەحەتەی قیتارەكەی هەولێر(ئەربیل) كە لە چلەكانی سەدەی رابردوو تا سەرەتای هەشتاكان لەكاركردن بەردەوامبووە، بۆتە بەشێک لە مێژووی شارەكە ‌و لەهزر و بیرەوەری دانیشتوانەكەی بەزیندوویی ماوەتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی باوک و باپیرانیان وەک كارمەند كاریان تێدا كردووە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی باس دەكرێت، شەمەندەفەری هەولێر سەر بە دەستەی هێلی ئاسنینی عێراقی بووە، لەلایەن دوو كۆمپانیای بەریتانی و هیندی لە ساڵی ١٩٤٣ دروستكراوە و لە ساڵی ١٩٤٩ تەواوبووە.

شەمەمەندەفەرەكە كە تایبەت بووە بەهاتووچۆی نێوان شارەكانی بەغداد و كەركوک ‌و هەولێر(ئەربیل)، بەخەڵوزی بەردی كاریكردووە، بەسێ کاتژمێر لە هەولێرەوە بۆ كەركوک‌ و بە دوازدە کاتژمێرێش دەگەیشتە شاری بەغداد، رۆژانە کاتژمێر دەی بەیانی خەڵكی شاری هەولێر گوێیان لە زەنگی ئاگاداركردنەوەی هاتنی شەمەندەفەرەكە دەبوو، دوای دابەزینی گەشتیاران‌ و دانانی كەلوپەل ‌و عەمبارە سوتەمەنییەكانی، كاری نۆژەنكردنەوە و دابینكردنی ئاو و سوتەمەنی بۆ ئەنجامدەدراوە، پاش نیوەڕۆی هەمان رۆژیش بەرە و شاری كەركوک بەرێ دەكەوتەوە.

وەك دەڵێن پێكهاتەی شەمەندەفەرەكە جگە لەشوێنی گواستنەوەی كەلوپەل، دوو شوێنی دانیشتنی هەبوو، یەكێکیان گشتی بووە و لەدار دروستكراو بوو، ئەویتریان لەشێوەی ژووری تایبەت بووە، كە تاڕادەیەک نرخی بلیتەكەی گرانتر بووە لە شوێنە گشتییەكە.

شەمەندەفەرەكە لەكاتی گەیشتنی بەناو شار بەتەنیشت یاریگای كۆنی هەولێر تێپەڕیووە، دواتر بەرەو شوێنی پێشوازی و كۆگای سوتەمەنی، تا وێستگەی كۆتایی كە پاركی شاندەری ئێستایە، وەک دەڵێن ئەوانەی ئەوكاتە شەمەندەفەریان بەكارهێناوە زیاتر فەرمانبەر ‌و خەڵكی مووچەخۆر و سەربازەكان بوون، چونكە نرخەكەی بەراورد بە ئۆتۆمبێل كەمتربووە.

دوای زیاتر لە سی ساڵ كاركردن لەسەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو شەمەندەفەرەكەی هەولێر لەكاركەوت، كە بەشێک لەهۆكارەكەی بۆ دەستپێكردنی جەنگی عیراق- ئێران دەگێڕنەوە، هەروەها بەهۆی ئەوەی هێلی شەمەندەفەرەكەی هەولێر هاوشێوەی هێلی شارەكانی عیراق رێكنەخرایەوە، بەو جۆرە ئیتر بوو بە مێژوو و جارێكی تر هەولێر شەمەندەفەری بەخۆیەوە نەبینیەوە.

باسكردن و گێرانەوەی مێژووی شەمەندەفەر لە شاری هەولێر لەكاتێكدایە ماوەیەكە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم باس دامەزراندنی هێلی ئاسنی شەمەندەفەر لە هەرێم دەكرێت ، بۆ زانینی چۆنییەتی دروستکردنی ئەم پڕۆژەیە وەک رۆژنامەی تەبا، چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ رێباز محەمەد خەلیل، بەڕیوەبەری گشتی گواستنەوەی زەمینی و هێلی ئاسنی و ترام وای لەوەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئەنجامدا.

لەسەرەتدا رێباز محەمەد لەبارەی دەنگۆی دروستکردنی هێلی ئاسنی نوێ لە هەرێم بە تەبای راگەیاند، "هەرێمی کوردستان وەکو بەشێک لەعێراق یەکێکە لە شوێنە هەستیارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، بەپێی هەڵکەوتە جوگرافیەکەی و بەپێی شوێنەکەی لە نێوان عێراق و تورکیادا خاڵێکی هاوبەشی گرنگە، بەهەمان شێوە لەگەڵ ئێرانیشادا خاڵی هاوبەشی تر هەن کە بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە. خۆتان دەزانن لە سەردەمی ئەو جیهانگیرییە کە ئێستا هەیە وەک بابەتی پێشکەوتنەکانی جیهان، هەرێمی کوردستانیش دەیەوەێت بەو ئاڕاستەیە هەنگاو بنێت، حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش پێشتر کاری لەسەر ئەم بابەتە کردووە و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کە یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی بریتییە لە گەیاندن و دروستکردنی هێلی ئاسنین. ئـێمە لەناوخۆی هەرێم خەریکی دیراسەکردن و دانانی ستراتیجیەتین بۆ ئەوەی بتوانین تەریب لەگەڵ وڵاتانی پیشکەوتو لەو بوارە بچینە کێبرکێ و رێگایەکی تر زیاد بکەین بۆ بابەتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری، کە پێمان وایە دەتوانین لەم رێگایە هەم هەرێمی کوردستان ببوژێنینە و هەم ئەم خاڵی گەیاندنە ورتر دروست بکەین لە نێوان عێراق و تورکیادا.

لەبەردەوامیدا ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، "وەکو هەرێم پڕۆژەیەک هەیە لەم بارەیەوە،  سیاسیەستی حکومەتی هەرێم بەم ئاراستەیەیە کە بتوانین لەم بوارەدا پێشکەوتن دروسست بکەین و هەنگاوی جدیش نراوە لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا. لەبەر ئەوەی وەزارەتی گواستنەوە  یەکێکە لەو وەزارەتانەی گفتوگۆی راستەوخۆی هەیە لە گەڵ حکومەتی عیراق لەسەر ئەم بابەتانە قسەمان کردووە و توانیموانە تا حەدێک رێگاچارەیەک بدۆزینەوە و لێکتیگەیشتنێکی باش دروست بکەین بۆ بابەتی دروستکردنی هێلی ئاسنین".

لەبارەی ئامادەکارییەکانی وەزارەتەکەی سەبارەت بەم پڕۆژەیە رێباز محەمەد رایگەیاند، "ئێمە ئەو ئامادەکارییانەی کە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە کراوە و وەزارەتی گواستەوە و گەیاندنیش کۆمەڵێک لێکتێگەیشتنی لەگەل کۆمپانیاکان ئەنجام داوە، کە کاریان دروستکردنی هێلی ئاسنینە، بە نیازی ئەوەی دەستی کار بێنینە ئەم وڵاتە و هاوکاربن لە بونیادنانی ژێرخان بۆ دروستکردنی هێلی ئاسنین".

هاوکات رێباز محەمەد باسی لە وادەی دەستپێکردن و کۆتایی هاتنی پڕۆژەکە کرد و وتی، "خۆی ئەم پڕۆژەیە ماوەیەکی زۆرە هەبووە، بەداخەوە دەڵیم هەرێمی کوردستان تووشی کۆمەڵیک کێشەو گرفت و قەیرانی دارایی بوو، بەدڵنیاییەوە رەنگدانەوەی لەسەر گشت وەزارەت و سێکتەرەکان دروستکرد،  بەپێی پلانی وەزارەت بێت ئێمە دەمێک بوو دەبایە لە قۆناغێکی پێشکەوتوتر باین لە ئاستی ئێستا، بەڵام لە ئێستاشدا دەستەوەستان نەوەستاوین کاری زۆر باشمان کردووە، هەنگاومان ناوە لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ حکومەتی عێراقی هەیە لەسەر ئەم بابەتە. حکومەتی عێراقی پڕۆژەی هێلێکی هەیە کە لەفاو تا زاخۆ کە کەرکوک و بە موسڵ و دهۆک و هەولیریشدا تێپەرێت، ئێمە دەمانەوێت بتوانین لایەنی کەم سوود لەم هێلە وەربگرین. دەمانەێت هێلەکانی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئیمکانیەتی حکومەتی هەرێم دروست بکەین و بیبەستنینەوە لەگەڵ ئەم هێلە گشتیەی کە حکومەتی عێراقی لە پلانیایدا هەیە دەستی پێبکات".