عێراق بڕیارێکی لەبارەی پاراستنی سنوورەکانی دەرکرد

وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، فەرماندەی هێزە چەکدارەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وزاری ئاسایشی نیشتیمانی چەند بڕیارێکی لەسەر پاراستنی ئاسایشی سنوور و ناوخۆی پارێزگاکان دەرکرد.

یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق لەگەڵ ئەنجوومەنی وزاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆبوونەوەیەکی ئاساییان ئەنجامدا.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی ئاسایشی ناوخۆی عێراق کرا و رۆڵی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە لە پاراستنی ئاسایش و یەکڕیزی و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر خرایەڕوو.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە هەمان کۆبوونەوە باس لە خۆپیشاندانەکانی شاری ناسڕییە کرا و بڕیاردرا لیژنەیەکی ئەمنی باڵا رەوانەی پارێزگای زی قار بکرێت، ئەمەش لە پێناو لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو رووداوانەی بووە هۆی کوژران و برینداربوونی چەندین خۆپیشاندەری شارەکە.

باسی لەوەشکرد، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وزاری ئاسایشی نیشتیمانی کردبڕیاردرا:

یەکەم: چارەسەرکردنی پرسی وردبینی ئەمنی، بەشێوەیەک کە شکۆی هاووڵاتیانی عێراق بپارێزێت و مەرجەکانی کاروباری هەواڵگری لە خۆبگرێت.

دووەم: دەستپێکی پلانێک بۆ گواستنەوەی بەرپرسیارێتی ئەمنی لە وەزارەتی بەرگرییەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ لە پارێزگاکانی موسەنا و دیوانییە و واست، ئەمەش وەک قۆناغێکی سەرەتای تاقیکاری.

سێیەم: دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی هێڵی سفری سنووری نێوان عێراق – ئێران و عێراق – تورکیا و دابینکردنی سەرجەم ئامڕازە پشتیوانییە لۆجستییکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە.