ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دانانی کامێرای چاودێری تیژڕەوی لە پارێزگاکە رەتکردەوە

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دانانی کامێراکانی دیاریکردنی تیژڕەوی (پۆینت تو پۆینت) ره‌تكرده‌وه‌ و جێبەجێکردنی بڕیارەکەی خستەسەر شانی پارێزگار و سەرۆکی ئیدارە سەربەخۆکان

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دانانی کامێراکانی دیاریکردنی تیژڕەوی (پۆینت تو پۆینت) ره‌تكرده‌وه‌ و جێبەجێکردنی بڕیارەکەی خستەسەر شانی پارێزگار و سەرۆکی ئیدارە سەربەخۆکان.

ئەمڕۆ سێشەممە، دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا سەبارەت بە پرسی دانانی کامێرای دیاریکردنی تیژڕەوی لە پارێزگاکە، ئازاد محەمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، "ئەو بارودۆخەی ئێستا لە پارێزگای سلێمانی هەر لە بارودۆخی رێگاو بانەکان و خەرجنەکردنی داهاتی پارێزگای سلێمانی بۆ دروستکردن و چاککردنی رێگاکان و دابەشنەکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا و چەندین کێشەی دیکە وادەکەن کە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەکۆی دەنگ دانانی کامێرای دیاریکردنی تیژڕەوی لەلایەن کەرتی تایبەتەوە رەتبکەینەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئامادەبووی ئەنجومەنی پارێزگا بڕیاردا بە رەتکردنەوەی دانانی کامێراکانی تیژڕەوی و نابێت بەهیچ شێوەیەک ئەو کامێرایانە لە سنووری پارێزگای سلێمانی (ناوەندی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین) دابنرێت، بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پاڵپشتە بە بڕگەی سێ لە ماددەی 19 لە یاسای ساڵی 2009ی پارێزگاکانی هەرێم.

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جەختی لەوەشکردەوە، ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی ئیدارە سەربەخۆکان پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگا.

وتیشی، "داواکاری گشتی لە رابردوودا سەبارەت بەم پرسە نوسراوی ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەو گرێبەستەی بە نایاسای لەقەڵەمداوە، بەڵام تاکو ئێستا وەڵامی نوسراوەکەی داواکاری گشتیشیان نەداوەتەوە".

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی داوای لە پەرلەمانی کوردستان- عێراق کرد بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت و رێکاری یاسای بگرێتە بەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە و وتی، "ئەگەر پەرله‌رمانی کوردستان ئەو گرێبەستە هەڵبوەشێنێتەوە ئەوا لە ئایندەدا هیچ وەزارەت و لایەنێک ناتوانێت گرێبەستی هاوشێوە واژۆ بکات کە لە بەرژەوەندی هاووڵاتیاندا نەبێت".