ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای بەرکارکردن و هەمواری پیادەکردنی یاسای کەرەنتینی کشتوکاڵیی پەسند کرد
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای بەرکارکردن و هەمواری پیادەکردنی یاسای کەرەنتینی کشتوکاڵیی پەسند کرد

ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای بەرکارکردن و هەمواری پیادەکردنی یاسای کەرەنتینی کشتوکاڵیی پەسند کرد

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:42
ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای بەرکارکردن و هەمواری پیادەکردنی یاسای کەرەنتینی کشتوکاڵیی پەسند کرد
0

لایک

ئەمڕۆ چوارشەممە 05-10-2022، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبووەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە خستنەڕووی رەشنووسی پڕۆژە یاسای (بەرکارکردن و هەمواری پیادەکردنی یاسای کەرەنتینی کشتوکاڵیی فیدراڵی ژمارە 76 ی ساڵی 2012 ی هەموارکراو لە هەرێم) کە لەلایەن بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو خرایەڕوو.

پاشان پڕۆژەیاساکە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند کرا و ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، راسپێردرا بە ئاراستەکردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان- عێراق بەمەبەستی تەشریعکردنی. ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە، رێکخستنی پرۆسەکانی دەستاودەستکردنی رووەک و بەرهەمەکانی و هاوردەکردن و هەناردەکردنیانە لە پێناوی رێگەگرتن لە هاتنەناوەوەی دەرد و پەتای کشتوکاڵیی و بڵاوبوونەوەیان لە هەرێم، بە پیادەکردنی هەمان ئەو پرۆسە و رێکار و پێوەرانەی لە سەرتاسەری عێراق کاری پێ دەکرێت و یاساکە، لەلایەن لیژنەیەکی باڵاوە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو جێبەجێ دەکرێت کە نوێنەری وەزارەتەکانی (خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی، ناوخۆ، بازرگانیی و پیشەسازیی، دارایی و ئابووری، تەندروستی) و دەستەی پاراستن و چاكکردنی ژینگە لە خۆدەگرێت.

ئەم پڕۆژە یاسایە، بەرکارکردنی یاسایەکی فیدڕاڵییە لە هەرێم، دوای هەموارکردنی و رەچاوکردنی تایبەتمەندیی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم. بە ئاراستەی یەکخستنی رێکارەکانی کەرەنتینی کشتوکاڵیی لە هەرێم و عێراق و لە هەمانکاتدا کارئاسانییشە بۆ بازرگانانی هەرێم و هەروەها جوتیارانی هەرێم کە زامنیی دروستیی و کوالیتی ئەو کەرەستە و پێداویستیە سەرەتاییانە دەکات کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێن بۆ پڕۆژە کشتوکاڵیەکانی هەرێم و لەکاتی هەناردەی بەرهەمی خۆماڵیی هەرێم بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە ئاستەنگیان بۆ دروست نەکرێت. ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن دامەزراوەکانی هەرێمەوە، هەمان رێکاری کەرەنتینی کشتوکاڵی پەیڕەو دەکرێت.

پاشان لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە و لە چواچێوەی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی، رەشنووسی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە جێبەجێکردنی ماددەی ( 9 ) لە یاسای چاکسازی لەلایەن عەبدولحەکیم خسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون خرایەڕوو. دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران رەشنووسی بڕیارەکەی پەسەند کرد.

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی پێداگیریی خۆی کردەوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، لە پێناو رێکخستنەوەی وەزیفی گشتیی و خانەنشینیی و هێنانەدی دادپەروەریی لە سوودمەندبوون لە داهاتی گشتیی و رێگەگرتن لە بەهەدەردان و سوودمەندبوونی ناڕەوا، بەمەرجێک مافی خەڵکانی شایستە پارێزراوبێت و نەبێتە هۆی بێبەشکردنیان لە شایستە و مووچەی رەوای خۆیان.