ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبا 5 بڕیاری نوێ دەردەکات

ئەمڕۆ کۆبوونەوەی بەرفراوانی ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبا بە سەرپەرشتیی کەمال محمد ساڵح، وەزیری کارەبا بەڕێوەچوو و تیایدا پێنج بڕیاری نوێ درا

ئەمڕۆ چوارشەممە 25-05-2022، کۆبوونەوەی بەرفراوانی ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبا بە سەرپەرشتیی کەمال محمد ساڵح، وەزیری کارەبا بەڕێوەچوو و تیایدا پێنج بڕیاری نوێ درا.

وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندنی کار و پڕۆژەکانی کارەبا کرا و ئەم بڕیارانە دران:

  1. بۆ بەرەنگاربوونەوە هەڵکشانی خواست لەسەر کارەبا لە گەرمای ئەم هاوینە، ژمارەیەک لە یەکەکانی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا بەگەڕ دەخرێن.
  2. کارەبای بەردەوام بۆ ناوەندەکانی تاقیکردنەوەی کۆتایی خولی (12) ئامادەیی دابین دەکرێت.
  3. راپۆرتی سێ ساڵی یەکەمی وەزارەتی کارەبا لە کابینەی نۆیەم ئامادە دەکرێت.
  4. قۆناخی یەکەمی پرۆژەی پێوەری زیرەک تەواو دەکرێت و کار بۆ زیادکردنی ژمارەی هاوبەشی نوێ لە پێوەری زیرەک دەکرێت. تا ئێستا (1,266,328) پێوەری زیرەک بەستراون.
  5. شێوازی پری پەید (prepaid) بۆ پێدانی کارەبا بە بازاڕی لەنگەی هەولێر دەکرێتە ئەزموونێک بۆ پێدانی هاوشێوەی کارەبا بە شوێنەکانی دیکە. لە هەموو پارێزگاکان نموونەیەک بە هەمانشێوە جێبەجێ دەکرێت.