سه‌ركرده‌ی لایه‌نه پێكهێنه‌ره‌كانی هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت له به‌غدا كۆبوونه‌وه و چه‌ند پرسێكی تایبه‌تیان تاوتوێكرد.
دوا بەدوای کۆتاییهاتنی كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه به‌شداربووه‌كانی هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت له به‌غداد، له ئەنجامدا له‌سه‌ر چوار ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی گفتوگۆ کراوە و له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێكیش گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن.
سه‌ركره‌كانی هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت له كۆبوونه‌وه‌كه‌یاندا، به ئاماده‌بوونی محه‌مه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و نوێنه‌ر و سه‌ركرده‌ی لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ته، جه‌ختیان له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كردووه‌ته‌وه له‌ماوه‌ی ساڵێكدا، هه‌روه‌ک له كارنامه‌ی په‌سه‌ندكراوی كابینه‌كه‌ی سوودانیدا ئاماژه‌ی پێكراوه.
هاوکات، تایبەت بەو دوو پۆستەی کە لە کابینەکەی سدانی بەبەتاڵی مابوونەوە، پۆستی وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه بۆ پارتی و پۆستی وه‌زیری ژینگه بۆ یه‌كێتی یه‌كلایی كرایه‌وه و له چه‌ند رۆژی داهاتوودا له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كاندیدانی ئه‌و دوو پۆسته سوێندی یاسایی ده‌خۆن.
ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی لایه‌نه‌كانی هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت، تایبه‌ت بوو به هێرشه‌كانی وڵاتانی دراوسێ بۆ سه‌ر هه‌رێم و پێشێلكردنی سه‌روه‌ری خاكی عێراق، له په‌راوێزی سه‌ردانه‌كه‌ی سوودانی بۆ تاران كه وابڕیاره ئەمڕۆ ئه‌نجامی بدات، لێژنه‌یه‌كی تایبه‌ت پێكهێندراوه بۆ گه‌یاندنی نیگه‌رانییه‌كانی هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و هه‌رێم به حكومه‌تی ئێران سه‌باره‌ت به پێشێلكارییه‌كانی سه‌روه‌ری و به‌زاندنی سنوور.
جێی باسە، لایه‌نه‌كان گفتوگۆیان له‌باره‌ی دابه‌شكردنی لێژنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقییان كردووه كه له 25 لێژنه‌ی هه‌میشه‌یی پێكهاتووه و تاكو ئێستا رێككه‌وتنی سیاسی نه‌كرابوو بۆ دابه‌شكردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و لێژنانه له‌نێوان لایه‌نه‌كان.