ئەمڕۆ دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆی سەلاحەددین دابەش دەکرێت

ئەمڕۆ سێشەممە، 08-03-2022، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین بە میدیایێکی خۆجێیی راگەیاند, ئەمڕۆ سێشەممە ژمارەیەک لە کۆلێژەکانی زانکۆی سەلاحەددین چەکی بانکی وەربگرن و بچنە بانکەکان بۆ ئەوەی دەرماڵەی خوێندکاران وەربگرن.

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر, د.کامەران یونس محەمەدئەمین، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین راگەیاند، "بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە ژمارەیەک لە کۆلێژەکانی زانکۆی سەلاحەددین چەکی بانکی وەربگرن و بچنە بانکەکان بۆ ئەوەی دەرماڵەی خوێندکاران وەربگرن، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە پارە هەیە و لەبەردەستە و بە کۆلێژەکانمان راگەیاندووە هەوڵ بدرێت هەر ئەمڕۆ کاتی زیاتریش بمێننەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت دەرماڵەی خوێندکاران دابەشبکرێت".

راشیگەیاند، بڕی پاڵپشتییە داراییەكە بەو جۆرە دەبێت، كە مانگانە 40 هەزار دینار دەدرێت بەو ‏خوێندكارانەی ناوەوەی شار كە لە زانكۆلاین وەرگیراون و 60 هەزار دیناریش ‏دەدرێتە ئەو خوێندکارانەی كە لە دەرەوەی شار لە زانكۆلاین وەرگیراون، بەپێی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نزیكەی 130 هەزار ‏خوێندكار لە وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە سوودمەند دەبن.