ئەمڕۆ سێشەممە، 08-03-2022، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین بە میدیایێکی خۆجێیی راگەیاند, ئەمڕۆ سێشەممە ژمارەیەک لە کۆلێژەکانی زانکۆی سەلاحەددین چەکی بانکی وەربگرن و بچنە بانکەکان بۆ ئەوەی دەرماڵەی خوێندکاران وەربگرن.
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر, د.کامەران یونس محەمەدئەمین، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین راگەیاند، “بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە ژمارەیەک لە کۆلێژەکانی زانکۆی سەلاحەددین چەکی بانکی وەربگرن و بچنە بانکەکان بۆ ئەوەی دەرماڵەی خوێندکاران وەربگرن، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە پارە هەیە و لەبەردەستە و بە کۆلێژەکانمان راگەیاندووە هەوڵ بدرێت هەر ئەمڕۆ کاتی زیاتریش بمێننەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت دەرماڵەی خوێندکاران دابەشبکرێت”.
راشیگەیاند، بڕی پاڵپشتییە داراییەكە بەو جۆرە دەبێت، كە مانگانە 40 هەزار دینار دەدرێت بەو خوێندكارانەی ناوەوەی شار كە لە زانكۆلاین وەرگیراون و 60 هەزار دیناریش دەدرێتە ئەو خوێندکارانەی كە لە دەرەوەی شار لە زانكۆلاین وەرگیراون، بەپێی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نزیكەی 130 هەزار خوێندكار لە وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە سوودمەند دەبن.