ئۆکراینا بۆ ئەمریکا و رۆژئاوا: خواست بۆ جەنگ و نانەوەی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ وڵاتەکەمان راگرن

ڤلۆدیمیر زلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، گرژییەکان لەگەڵ رووسیا پشت نابەستێت بە ئێستا، داواشی لە مۆسکۆ کرد کە دەستپێشخەری بکات لە دامرکاندنەوەی بڵێسەی خواست بۆ شەڕ و بیسەلمێنێت کە نایەوێت هێرشبکاتە سەر وڵاتەکەی.

لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا زلنسکی رایگەیاند، "پێویست ناکات بترسین، بەڵام سەرۆکی هەندێک وڵاتی رۆژئاوا وا هەڵسوکەوت دەکەن کە سبەی شەڕ لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا هەڵدەگیرسێت، ئەمەش بووەتەوە هۆکارێکی نەرێنی لە بەرامبەر ئابووری ئۆکراینا".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی رۆژئاوایی قسەم کردووە و رامگەیاندووە کە ئێمە پێویستمان بە پشتگیری ئابووری هەیە نەوەک سەربازی، بڕیار و بۆچوونەکانی ئەوان وەکو ئەوەوایە کە سبەی جەنگ دەستپێدەکات ئەمەش هۆکارێکە بۆ داڕمانی بازاڕی دراو لە ئۆکراینا".