ئۆپێک پلەس بڕیارێک لەبارەی کەمکردنەوەی هەناردەی ناوت دەردەکات

رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و هاوپەیمانەکانی ناسراو بە ئۆپێک پڵەس ئەمڕۆ لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا کۆبوونەوە و بڕیاریاندا رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل هەناردەی نەوت بۆ بازارەکانی جیهان کەمبکەنەوە، چاوەڕێش دەکرێت بەهۆی بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس بەهای نەوت زیاتر بەرزببێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 05ـی تشرینی یەکەمی 2022، رێکخراوی ئۆپێک پڵەس کۆبووەوە و بڕیاریدا بەمەبەستی پاڵپشتی بەبەرزی مانەوەی بەهای نەوت لە بازارەکانی جیهاندا، رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل هەناردەی نەوت بۆ بازارەکانی جیهان کەمبکاتەوە.

ئامانج لەم بڕیارەی ئۆپیک پڵەس دوای ئەوەی هات بەهۆی مەترسییەکان لەسەر سستبوونی ئابووری جیهان، بەرزکردنەوەی سوودی بانکی و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، لە سێ مانگی رابردوودا بەهای نەوت لە 120 دۆلارەوە بۆ 90 دۆلار دابەزی.

دوای بڕیارەکەش، ئه‌مڕۆ له‌ بۆرسه‌ی جیهانی نرخی به‌رمیلێک نه‌وتی برێنت راستەوخۆ 0.90 دۆلار بەرزبووەوە و گه‌یشته‌ 92 دۆلارو 70 سەنت، هه‌روه‌ها نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساس به‌ڕێژه‌ی 0.76 دۆلار بەرزبوەوە و گەیشتە 87 دۆلارو 28 سەنت.