ئایا بڕیاری “هاوسەرگیری دووەم هۆکاری لێکجیانەبوونەوە نییە” دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە؟
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • ئایا بڕیاری “هاوسەرگیری دووەم هۆکاری لێکجیانەبوونەوە نییە” دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە؟

ئایا بڕیاری “هاوسەرگیری دووەم هۆکاری لێکجیانەبوونەوە نییە” دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە؟

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
ئایا بڕیاری “هاوسەرگیری دووەم هۆکاری لێکجیانەبوونەوە نییە” دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە؟
0

لایک

دادگای فیدڕاڵی عێراق لە ١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ رایگەیاند، گەیشتووەتە بڕیارێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی ماددەیەک لە یاسای باری کەسێتی هەرێم. دادگاکە بڕیاریدا کە ماددەی ١٨ـی یاسای باری کەسێتی “دژی دەستوور”ـە.

لەو مادەیەی کە بڕیاردرابوو هەموار بکرێتەوە، بەو جۆرە بوو ئەو پیاوانەی هاوسەرگیری دووەم دەکەن، هاوسەری یەکەمیان مافی داواکردنی لێکجیابوونەوەی هەیە.

هاوکات، بەگوێرەی بڕگەی 5 لە ماددەی 40ـی یاسای باری کەسێتی عێراق، پیاو لەکاتی ئەنجامدانی هاوسەرگیری دووەم، هاوسەری یەکەمی ناتوانێت هاوسەرگیری دووەم بە هۆکاری جیابوونەوە هەژمار بکات.

وریا سەعدی، راوێژکاری یاسایی پەرلەمای کوردستان- عێراق بۆ میدیاکارانی روونکردەوە، داواکارییەکە لەلایەن دادگەی هەڵەبجەوە تۆمارکراوە، دادگەی بالای فیدڕاڵی بەبێ گوێدان بە ئامادەبوونی لایەنەکانی هەرێم، بڕیارەکەی پەسند کردووە.

پارێزەر یونس حەسەن تایبەت بە بڕیارەکە قسەی کرد و وردەکارییەکانی بۆ رۆژنامەی تەبا روونکردەوە.

سەبارەت بە جێبەجێکردن یاخود جێبەجێنەکردنی بڕیارەکە لە هەرێم پارێزەر یونس حەسەن رایگەیاند، “سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان- عێراق و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ناچار نییە گشت بڕیارەکانی حکومەتی فیدڕاڵی بە یاساکانی خۆیەوە ببەستێتەوە. تایبەت بەم بڕیارەش سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەیە”.

پارێزەر یونس حەسەن لەبارەی بریاری دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە “هاوسەرگیری دووەمی پیاو نابێتە هۆکارێک بۆ خواستی هاوسەری یەکەم بۆ لێکجیابوونەوە” بەمشێوەیە بۆ تەبا روونیکردەوە:

“هەموو ژنێک پێویستە مافی داواکردنی لێکجیابوونەوەی هەبێت لە هاوسەرەکەی، لەنێو ئەو هۆکارانەش خیانەت، هەڵخەڵەتاندن، جوێن دان و دزیکردن بوونی هەیە کە دەتوانریت بۆ داواکردنی لێکجیابوونەوە ئەم هۆکارانە بخرێنەڕوو. هاوسەرگیری دووەمیش بە یەکێک لە هۆکارەکانی لێکجیابوونەوە دەبینرێت، حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێمی کوردستان ناچار نییە ئەم بڕیارە و هەموو بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدڕاڵی پەیڕەو بکات”.

پارێزەر یونس حەسەن جەختی لەوەکردەوە، کە ئەم بڕیارە پێویستە لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت و تائێستاش ئەم بڕیارە لە هەرێم نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەرێم ئەنجامدانی هاوسەرگری دووەم هۆکارە بۆ لێکجیابوونەوە و وتی، “لە هەرێم ژنان مافی ئەوەیان هەیە دوای ئەنجامدانی هاوسەرگیری دووەم لەلایەن پیاوەکانیان، داوای لێکجیابوونەوە تۆمار بکەن”.

پارێزەر یونس حەسەن سەبارەت بە پارێزگا و ناوچەکانی دیکەی عێراق کە بڕیاری دادگەی باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە “هاوسەرگری دووەم نابێتە هۆکاری لێکجیابوونەوە” و جێبەجێکردنی تیایاندا و بۆچوونەکان لەمبارەیەوە رایگەیاند: 

“وەکو پارێزەرێک وا لە بابەتەکە دەڕوانم، کە لەم چەند ساڵەی رابردوودا عێراق ژمارەیەکی زۆر شەهیدی دا و ژمارەیەکی زۆریش لەو شەهیدانە لە شەڕی داعش گیانیان سپارد، لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر ژن بێوەژن مانەوە، بەبۆچوونی من دادگەی باڵای فیدڕاڵی بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ژمارە زۆرەی بێوەژنە ئەم بڕیارەی دەرکردووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێویستە میدیاکان و میدیاکاران لەبارەی یاساکانەوە زانیاریان پێبدرێت و وتی، “لێرەوە داوا لە دامەزراوە میدیاییەکان دەکەم، پێویستە هاووڵاتییان بەتایبەت لەبارەی ئەو یاسایانەی کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستان- عێراقەوە دەرچوون زانیارییان پێبدرێت”.

هەواڵ: نورخان کەرخی