ئاگربەستی کاتی لە ئۆکرانیا راگەیەندرا

ئاگربەستەکە کیێڤی پایتەختیش لەخۆ دەگرێت

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ئاگربەست لە پێنج شاری ئۆکرانیا کە کیێڤی پایتەختیش لەخۆ دەگرێت دەستیپێکرد و کۆچی هاووڵاتییانی مەدەنی بەرەو ناوچەی ئارام و وڵاتانی دراوسێ گلۆپی سەوزی بۆ داگیرسێنرا.

دوا بەدوای بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی نێوان شاندی دانوستانکاری رووسیا - ئۆکرانیا لە ناوچەی برێست سەربە بێلارووس، رێککەوتن لەسەر دروستکردنی رێڕەوێکی مرۆیی و راگەیاندنی ئاگربەست.

شایەنی باسە، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، کاتژمێر 10:00 بە کاتی مۆسکۆ، لە هەریەک لە شارەکانی کیێڤ، ماریپۆل، خارکێڤ و سومی و چێرنیگێڤ ئاگربەستی کاتی دەستپێدەکات.