رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دوای ئەوەی گرژی و ئاژاوە کەوتە دانیشتنی پەرلەمان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
رێواز فایەق، ئاماژەی بەوە دا، “هیچ دەرئەنجامێکی ئەو دانیشتنە دوای دواخستنی بەهای یاسایی و پەیڕەوی نابێت”.
دەقی راگەیەندراوەکە:
راگەیەنراوێک لە سەرۆکی پەرلەمانەوە بۆ دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و رای گشتی
بەرمەبنای دانیشتنی ژمارە (٤)ی رۆژی دووشەممە ٢٢/٥/٢٠٢٣ کە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەژێر رۆشنایی ئەو دەسەڵاتەی لە بڕگەی سێیەم لە ماددە (١٨) لە پەیڕەوت ناوخۆ پێیدراوەو تێیدا هاتووە (کردنەوەی خول و دانیشتنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیکردنیان، کۆتاییپێهێنان و دواخستنیان، دەستنیشانکردنی کاتی ئەنجامدانیان) دانیشتنی ئاماژە بۆ کراوی سەرەوە دواخراوەو کۆتایی پێهات، لێرەوە رایدەگەینین:
یەکەم: هیچ دەرئەنجامێکی ئەو دانیشتنە دوای دواخستنی بەهای یاسایی و پەیڕەوی نابێت.
دووەم: بەپێی بڕگەی (١١)ی ماددەی (١٨) دەسەڵاتی واژووکردنی سەرجەم نووسراوەکانی پەرلەمان تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان دایەو بەڕێزیان ئەو دەسەڵاتەی بەکەسی تر نەداوە مومارەسەی بکات، بۆیە هەر نووسراوێک بەبێ واژووی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەر دامەزراوەیەک بنێردرێت هیچ بەهایەکی یاسایی نییە.
نووسینگەی رۆژنامەوانی
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان