بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلە بە پێوەری رێختەر لە ماراش روویدا و 10 پارێزگای تورکیای گرتەوە 76 کەس گیانیان لەدەستداوە.
سەرۆکایەتی ئیدارەی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا (ئافاد) رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە کاتژمێر 04:17 بوومەلەرزەیەک کە چەقەکەی لە قەزای پەزارجیک سەربە پارێزگای ماراش بوو روویدا و بەهۆی بەهێزییەوە هەریەک لە پارێزگاکانی ماراش، کیلیس، دیاربەکر، ئادانا، عوسمانییە، عەنتاب، ئورفا، ئەدییەمان، مەڵاتیە و هەتای گرتەوە بەجۆرێک گشت قەزا و ناحییەکانی سەر بەو 10 پارێزگایە زیانێکی زۆریان بەرکەوەتووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی ئافاد، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە تائێستالە 7 پارێزگادا 76 کەس گیانیان لەدەستداوە و 440 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەوەشی ئاشکراکردووە، دوای بوومەلەرزە گەورەکە 42 بوومەلەرزەی دیکەی بەدوادا هاتووە کە بەهێزترینیان 6.6 پلە بووە.
جێی باسە، ژمارەیەکی زۆر هاوونیشتمانی تورکیا لەژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکاندا گیریان خواردووە و چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی قوربانیان بەزرببێتەوە.